Salmi 76
Dio è conosciuto in Giuda
1بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئامێری ژێدار. زەبوورێکی ئاساف. گۆرانییەک. لە یەهودا خودا ناسراوە، لە ئیسرائیلدا ناوی گەورەیە! 2کەپری لە شالیمە، هەواری لە سییۆنە. 3لەوێ تیرە گڕدارەکان و قەڵغان و شمشێر و جەنگەکانی تێکشکاند.
4تۆ ڕەوشەنی، لە چیای نێچیرەکان شکۆدارتری. 5قارەمانەکان ماڵیان بە تاڵان چوو، دوایین خەوی خۆیان نوستن، هیچ جەنگاوەرێک نەیتوانی دەست بکاتەوە. 6ئەی خودای یاقوب، بە سەرزەنشتی تۆ، ئەسپ و سوار پێکەوە کەوتنە خەوێکی قووڵەوە!
7تۆ خۆت بەسامیت! لە کاتی تووڕەییت، کێ لەبەردەمت ڕادەوەستێت؟ 8لە ئاسمان حوکمت بیسترا، زەوی ترسا و کپ بوو، 9بە هەستانی خودا بۆ دادوەری، بۆ ڕزگارکردنی هەموو ستەملێکراوانی زەوی.
10بێگومان تووڕەیی مرۆڤ ستایشت دەکات، خۆتت بە پاشماوەی تووڕەیی چەکدار کردووە. 11نەزر بۆ یەزدانی پەروەردگارتان بکەن و بەجێی بهێنن. ئەی هەموو ئەوانەی لە دەوریدان، دیاری پێشکەش بە سامناک بکەن. 12ئەوەی ڕۆحی میرەکان دەشکێنێت، سامناکە بۆ پاشاکانی سەر زەوی.