Isaiah 7
A message to Ahaz
1لە سەردەمی پاشایەتی ئاحازی کوڕی یۆتام کوڕی عوزیای پاشای یەهودا، ڕەچینی پاشای ئارام و پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهوی پاشای ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئۆرشەلیم، بەڵام نەیانتوانی دەستی بەسەردا بگرن. 2هەروەها بە بنەماڵەی داود ڕاگەیەنرا و گوترا: «ئارامییەکان لەگەڵ ئەفرایم پەیمانیان بەستووە.» جا دڵی ئەو و دڵی گەلەکەی لەرزین، وەک لەرزینی داری دارستان لە ڕووی بادا. 3یەزدانیش بە ئیشایای فەرموو: «ئێستا بچۆ بۆ پێشوازی ئاحاز، خۆت و شئار یاشوبی کوڕت، لە کۆتایی ئاوباری گۆمەکەی سەرەوە لەلای ڕێگای کێڵگەی جلشۆرەکە و 4پێی بڵێ: ”وریا و هێدی بە، مەترسە و با دڵت ورە بەر نەدات لەبەر گڕی تووڕەیی ڕەچین و ئارام و کوڕەکەی ڕەمەلیاهو، وەک دوو پارچە داری سووتێنراو دووکەڵ دەکەن.
5لەبەر ئەوەی ئارام لەگەڵ ئەفرایم و کوڕەکەی ڕەمەلیاهو پیلانی خراپەیان لە دژی تۆ ناوەتەوە و گوتیان، 6’دەچینە سەر یەهودا و پەلاماری دەدەین، داگیری دەکەین و لەناوەندیدا کوڕەکەی تاڤئێل بە پاشا دادەنێین.‘ 7یەزدانی باڵادەستیش ئەمە دەفەرموێت: «”سەرناگرێت و نابێت، 8چونکە سەری ئارام دیمەشقە و سەری دیمەشقیش ڕەچینە، لە ماوەی شەست و پێنج ساڵدا ئەفرایم دەشکێت و وەک گەل نامێنێت.
9سەری ئەفرایمیش سامیرەیە و سەری سامیرەش کوڕەکەی ڕەمەلیاهوە. ئەگەر لە باوەڕدا نەچەسپێن، لە دڵنیاییدا نابن.“»
The sign of Immanuel
10جارێکی دیکە یەزدان بە ئاحازی فەرموو: 11«بۆ خۆت داوای نیشانەیەک لە یەزدانی پەروەردگارت بکە، جا چ لە قووڵترینی قووڵاییەکان بێت یان لە بەرزترینی بەرزاییەکان.» 12ئاحازیش گوتی: «هیچ داوا ناکەم و یەزدان تاقی ناکەمەوە.»
13ئینجا ئیشایا گوتی: «ئێستا ئەی بنەماڵەی داود، گوێ بگرن! خەڵکت بێزار کرد، ئەمە بەس نییە؟ ئێستاش دەتەوێ خوداکەم بێزار بکەیت؟ 14لەبەر ئەوە پەروەردگار خۆی نیشانەیەکتان دەداتێ، ئەوەتا پاکیزەیەک سکی دەبێت و کوڕێکی دەبێت، ناوی لێ دەنێت ئیمانوێل. 15دەڵەمە و هەنگوین دەخوات، کاتێک دەزانێت خراپە ڕەت بکاتەوە و چاکە هەڵبژێرێت، 16چونکە پێش ئەوەی کوڕەکە بزانێت خراپە ڕەت بکاتەوە و چاکە هەڵبژێرێت، ئەو خاکەی کە تۆ لە دوو پاشاکەی دەترسیت دەبێتە چۆڵەوانی.
The days that are coming
17یەزدان سەردەمێک بەسەر خۆت و گەلەکەت و بنەماڵەکەتدا دەهێنێت، کە لە کاتی جیابوونەوەی ئەفرایمەوە لە یەهودا سەردەمی وا نەهاتبێت. ئەو پاشای ئاشور دەهێنێت.» 18لەو ڕۆژە، یەزدان فیکە بۆ مێشەکان لێدەدات، ئەوانەی لەوپەڕی جۆگە ئاوەکانی میسرن و هەروەها بۆ ئەو هەنگانەی کە لە خاکی ئاشورن. 19جا دێن و هەموو لەناو شیوە هەڵدێرەکان و لەناو کون و کەلەبەری گابەردەکان و لەناو هەموو دڕکوداڵەکان و لەناو هەموو لەوەڕگاکان دەنیشنەوە.
20لەو ڕۆژەدا پەروەردگار بە گوێزانێکی بەکرێگیراو لەوبەری ڕووباری فوراتەوە، کە پاشای ئاشورە، سەر و مووی بەرتان دەتاشێت و ڕیشیش دادەماڵێت. 21لەو ڕۆژەدا، پیاو مانگایەک و دوو بزن بەخێو دەکات، 22جا ئەوەندە شیر دەدەن هەر دەڵەمە دەخوات، چونکە هەموو ئەوانەی لەناو خاکەکە دەمێننەوە دەڵەمە و هەنگوین دەخۆن.
23لەو ڕۆژەدا، هەر شوێنێک کە لێی بوو هەزار ڕەز بە هەزار شاقل زیو، دەبێت بە دڕکوداڵ. 24بە تیر و بە کەوانەوە دێنە ئەوێ، چونکە هەموو زەوییەکە دەبێت بە دڕکوداڵ. 25هەموو ئەو چیایانەی کە بە قازمە کون دەکران کەس نایەتە ئەوێ لە ترسی دڕکوداڵ، بەڵکو گاگەلی تێدا بەڕەڵا دەکرێت و مەڕ پێپەستی دەکات.