1 Samuel 11
Saul rettet Jabesch in Gilead
1ئینجا ناحاشی عەمۆنی سەرکەوت و یاڤێش گلعادی گەمارۆ دا، هەموو پیاوانی یاڤێش بە ناحاشیان گوت: «پەیمانمان لەگەڵدا ببەستە و ئێمەش دەبین بە خزمەتکارت.» 2بەڵام ناحاشی عەمۆنی وەڵامی دانەوە: «بەمە پەیمانتان لەگەڵدا دەبەستم، بە هەڵکۆڵینی چاوی ڕاستی هەر هەمووتان تاکو ببنە مایەی سەرشۆڕی هەموو ئیسرائیل.» 3پیرانی یاڤێشیش پێیان گوت: «حەوت ڕۆژ مۆڵەتمان بدەرێ تاکو نێردراو بۆ هەموو خاکی ئیسرائیل بنێرین و ئەگەر کەس نەبوو ڕزگارمان بکات، ئەوا خۆمان دەدەینە دەست تۆ.»
4جا نێردراوەکان هاتن بۆ گیڤعای شاول و ئەو قسەیەیان بە گەل گوت و گەلیش دەنگیان بەرزکردەوە و گریان. 5لەو کاتەدا شاول لەدوای گاگەلەکەوە لە کێڵگەوە دەگەڕایەوە، شاول گوتی: «چی لە گەل ڕوویداوە، بۆچی دەگرین؟» ئەوانیش قسەکانی پیاوانی یاڤێشیان بۆ گێڕایەوە. 6کاتێک شاول گوێی لەم قسانە بوو، ڕۆحی خودا بە تواناوە هاتە سەری و زۆر تووڕە بوو.
7ئینجا دوو گای گرت و پارچەپارچەی کردن و بە دەستی نێردراوەکاندا بۆ هەموو خاکی ئیسرائیلی نارد و گوتی: «ئەوەی بەشوێن شاول و ساموئێل نەکەوێت، گایەکانی ئاوایان لێ دەکرێت.» جا ترسی یەزدان کەوتە سەر گەل و هەموویان وەک یەک پیاو هاتنە دەرەوە. 8کاتێک شاول لە بەزەقدا ژماردنی، نەوەی ئیسرائیل سێ سەد هەزار و پیاوانی یەهوداش سی هەزار بوون. 9بە نێردراوەکانیان گوت کە هاتبوون: «ئاوا دەڵێن بە پیاوانی یاڤێش گلعاد: ”سبەینێ کاتێک خۆر گەرم دادێت، ڕزگاریتان بۆ دەبێت.“» ئینجا نێردراوەکان چوون و بە پیاوانی یاڤێشیان ڕاگەیاند، ئەوانیش دڵخۆش بوون.
10پیاوانی یاڤێش بە عەمۆنییەکانیان گوت: «سبەینێ خۆمان دەدەینە دەست ئێوە و ئێوەش چی بە باش دەزانن ئەوەمان لەگەڵدا بکەن.» 11بۆ سبەینێ شاول سوپاکەی کردە سێ لەشکر، لە بەرەبەیاندا هاتنە ناوەڕاستی ئۆردوگای عەمۆنییەکان و هەتا ئەو کاتەی خۆر گەرم داهات لێیان کوشتن، ئەوانەش کە مانەوە پەرتەوازە بوون، هەتا وای لێهات دوو کەسیان بەیەکەوە نەمانەوە.
Das Königtum wird in Gilgal erneuert
12ئینجا گەل بە ساموئێلیان گوت: «کێن ئەوانەی دەڵێن: ”ئایا شاول وەک پاشا پاشایەتیمان دەکات؟“ ئەو پیاوانەمان بدەنێ با بیانکوژین.» 13بەڵام شاول گوتی: «کەس لەم ڕۆژەدا ناکوژرێت، چونکە لەم ڕۆژەدا یەزدان فریای ئیسرائیل کەوت.» 14پاشان ساموئێل بە گەلی گوت: «وەرن، با بچینە گلگال و لەوێ پاشایەتییەکە دووپات بکەینەوە.»
15جا هەموو گەل چوونە گلگال و لەوێ لەبەردەم یەزدان پاشایەتی شاولیان دووپات کردەوە و لەوێ قوربانی هاوبەشییان لەبەردەم یەزدان سەربڕی و لەوێ شاول و هەموو پیاوانی ئیسرائیل ئاهەنگێکی گەورەیان گێڕا.