Números 5
A limpeza do acampamento
1یەزدان بە موسای فەرموو: 2«فەرمان بە نەوەی ئیسرائیل بکە کە هەرکەسێک نەخۆشی گواستراوەی پێست یان ئەوەی لێچوونی گڵاوی هەبێت، یان ئەوەی بە مردوو گڵاو بووبێت، لە ئۆردوگاکە دووریان بخەنەوە. 3نێر و مێ دوور دەخەنەوە، بۆ دەرەوەی ئۆردوگا دووریان دەخەنەوە هەتا ئۆردوگاکانیان گڵاو نەکەن کە من لەنێویاندا نیشتەجێم.»
4جا نەوەی ئیسرائیل ئاوایان کرد و بۆ دەرەوەی ئۆردوگاکە دووریان خستنەوە، هەروەک چۆن یەزدان لەگەڵ موسادا دوا، نەوەی ئیسرائیل ئاوایان کرد.
A restituição do dano
5یەزدان بە موسای فەرموو: 6«بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ: ”ئەگەر پیاوێک یان ئافرەتێک گوناهێک لە گوناهەکانی مرۆڤ بکات، واتا ناپاکی لەگەڵ یەزدان کرد، ئەوا ئەو کەسە تاوانی کردووە، 7با دان بە گوناهەکەیدا بنێت کە کردوویەتی و ئەوەی پێی تاوانبار بووە بە تەواوی بیگەڕێنێتەوە، پێنج یەکیشی بۆ زیاد بکات و بیداتە ئەوەی تاوانەکەی لە دژی کردووە.
8بەڵام ئەگەر ئەو کەسە مردوو بوو و خزمی نزیکی نەبوو هەتا وەریبگرێتەوە، ئەوا ئەوەی پێی تاوانبار بووە دەگەڕێتەوە بۆ یەزدان و بۆ کاهین دەبێت، لەگەڵ بەرانێک کە کەفارەتی پێ دەکات بۆی. 9هەموو پیتاکێک و دیارییەکی پیرۆزی نەوەی ئیسرائیل کە پێشکەشی کاهینی دەکەن بۆ ئەو دەبێت. 10هەموو دیارییە پیرۆزکراوەکانی مرۆڤیش بۆ خۆی دەبێت، بەڵام ئەگەر کەسێک شتێکی دا بە کاهین ئەوا بۆ کاهین دەبێت.“»
A prova para a mulher suspeita
11یەزدان بە موسای فەرموو: 12«لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”ئەگەر ژنی پیاوێک لەڕێ لایدا و ناپاکی لەگەڵ کرد، 13لەگەڵ پیاوێک جووت بوو، ئەوەش لە چاوانی پیاوەکەی شاردراوە بوو و داوێنپیسییەکەی ئاشکرا نەبوو، هیچ شایەتێکیشی بەسەرەوە نەبوو، چونکە لەسەر کردارەکە نەگیرا بوو، 14کابراش ڕۆحی دڵپیسی دایگرت و لە ژنەکەی بە گومان بوو کە داوێنپیسە، یان ڕۆحی دڵپیسی دایگرت و لە ژنەکەی بە گومان بوو کە داوێنپیس نییە، 15ئەوا پیاوەکە ژنەکەی دەهێنێتە لای کاهین و پێشکەشکراوەکەشی لەگەڵدا دەهێنێت، دەیەکی ئێفەیەک ئاردی جۆ نە زەیتی بەسەردا دەکات و نە بخوور، چونکە پێشکەشکراوی دانەوێڵەی دڵپیسییە و قوربانی یادگارییە، یادی تاوان دەکاتەوە.
16«”کاهینەکە ژنەکە دەهێنێتە پێش و لەبەردەم یەزدان ڕایدەگرێت. 17کاهینەکە لە گۆزەیەکی گڵین ئاوێکی پیرۆز دەبات و لە تۆزی سەر زەوی چادرەکەی پەرستن هەڵدەگرێت و لەناو ئاوەکەی دەکات. 18کاهینەکە ژنەکە لەبەردەم یەزدان ڕادەگرێت و سەری ڕووت دەکاتەوە، پێشکەشکراوی دانەوێڵەی یادەوەرییەکە کە پێشکەشکراوی دانەوێڵەی دڵپیسییە دەکاتە ناو دەستی ژنەکە و ئاوە تاڵەکەی نەفرەتیش لە دەستی کاهینەکە دەبێت.
19ئینجا کاهینەکە ژنەکە سوێند دەدات و پێی دەڵێت: ’ئەگەر هیچ پیاوێک لەگەڵت جووت نەبووە و بە دزی پیاوەکەت بەرەو داوێنپیسی لەڕێ لات نەداوە، لە کاتێکدا ژنی پیاوەکەتی ئەوا بێتاوان بە لەم ئاوەی نەفرەت کە تاڵە. 20بەڵام ئەگەر بە دزی پیاوەکەت لەڕێ لاتداوە و گڵاو بوویت و پیاوێکی دیکە جیا لە مێردەکەت لەگەڵت جووت بووە،‘ 21لێرە کاهینەکە ژنەکە بە سوێندی نەفرەت سوێند دەدات، کاهینەکە بە ژنەکە دەڵێت، ’یەزدان دەتخاتە بەر نەفرەت و سوێند لەنێو گەلەکەت بەوەی کە یەزدان ڕانت لاواز دەکات و سکت دەئاوسێنێت.
22ئەم ئاوەی نەفرەت دەچێتە ناو هەناوت بۆ ئاوسانی سک و لاوازی ڕان.‘ «”ژنەش دەڵێت، ’ئامین، ئامین.‘ 23«”کاهینیش ئەم نەفرەتانە لە پەڕەیەک دەنووسێت، ئینجا لەناو ئاوە تاڵەکە دەیشواتەوە. 24ئاوە تاڵەکەی نەفرەتیش دەرخواردی ژنەکە دەدات، ئاوەکەی نەفرەتیش دەچێتە ناوی و دەبێتە ئازاری تاڵی.
25کاهینەکە پێشکەشکراوی دانەوێڵەی دڵپیسییەکە لە دەستی ژنەکە وەردەگرێت و پێشکەشکراوەکە لەبەردەم یەزدان بەرز دەکاتەوە، ئینجا دەیباتە لای قوربانگاکە. 26کاهینەکە چنگێک بۆ یادەوەری لە دانەوێڵە پێشکەشکراوەکە دەبات و لەسەر قوربانگاکە دەیسووتێنێت، لەدوای ئەوە ئاوەکە دەرخواردی ژنەکە دەدات. 27ئەگەر ژنەکە گڵاو بووبێت و ناپاکی لە پیاوەکەی کردبێت، کاتێک ئاوەکەی دەرخوارد دا، ئەوا ئاوە نەفرەتەکە دەبێتە ئازاری تاڵی، دەچێتە ناوی، سکی دەئاوسێت و ڕانی دەکەوێت، ژنەکە لەنێو گەلەکەی دەبێتە نەفرەت.
28ئەگەر ژنەکەش گڵاو نەببوو بەڵکو پاک بوو، ئەوا بێتاوان دەبێت و سکی پڕ دەبێت. 29«”ئەمە فێرکردنەکەیە سەبارەت بە دڵپیسی، ئەگەر ژنێک بە دزی پیاوەکەی لەڕێ لایدا و گڵاو بوو، لە کاتێکدا ژنی پیاوەکەیەتی، 30یان ئەگەر پیاوێک ڕۆحی دڵپیسی دایگرت، جا دڵی لە ژنەکەی پیس کرد، ژنەکە لەبەردەم یەزدان ڕادەگیرێت و کاهینەکە هەموو ئەم فێرکردنەی بۆ دەکات.
31جا پیاوەکە لە هەر هەڵەیەک بێتاوان دەبێت، بەڵام ئەو ژنە تاوانی گوناهی لە ئەستۆی خۆی هەڵدەگرێت.“»