Salmos 148
Alábenle los cielos y la tierra
1هەلیلویا! لە ئاسمانەوە ستایشی یەزدان بکەن، لە بەرزاییەکان ستایشی بکەن. 2ئەی هەموو فریشتەکانی، ستایشی بکەن، ئەی هەموو سوپاکەی، ستایشی بکەن. 3ئەی خۆر و مانگ، ستایشی بکەن، ئەی هەموو ئەستێرەکانی ڕووناکی، ستایشی بکەن.
4ئەی بەرزترینی ئاسمان، ستایشی بکەن، ئەی ئەو ئاوانەی لە سەرووی ئاسمانن. 5با ستایشی ناوی یەزدان بکەن، چونکە فەرمانی دا و بەدیهێنران. 6هەتاهەتایە و هەتا ماون دەچەسپێن، فەرزی داناوە بەسەرناچێت.
7لە زەوییەوە ستایشی یەزدان بکەن، ئەی ئەژدیهاکان و قووڵایی دەریاکان، 8بروسکە و تەرزە، بەفر و تەم، ڕەشەبا، کە فەرمانی ئەو بەجێدەهێنن، 9چیاکان و هەموو گردەکان، داری بەردار و هەموو ئورزەکان، 10گیانلەبەر و هەموو ئاژەڵ، خشۆک و باڵدار، 11پاشاکانی زەوی و هەموو نەتەوەکان، میرەکان و هەموو ڕابەرانی زەوی، 12گەنجان و کچان، پیران و منداڵان.
13با هەموو ستایشی ناوی یەزدان بکەن، چونکە تەنها ناوی ئەو بەرزە، شکۆمەندی ئەو لە سەرووی زەوی و ئاسمانە. 14پیاوی بەهێزی بە گەلی خۆی بەخشیوە، تاکو هەموو خۆشەویستانی ستایشی بکەن، نەوەی ئیسرائیل، ئەو گەلەی کە لێیەوە نزیکن. هەلیلویا.